22.08.2017

له‌ سه‌ر سه‌کۆی شانۆیه‌ک‌دا...

ده‌بوو ئازاره‌کانی پیره‌مه‌گرون و سه‌یوان و مامه‌یاره‌، به‌ گوێی قه‌ره‌داغ بگه‌یه‌نێ، که‌ غه‌ریب نه‌بوون له‌ یه‌ک ...

 

 

 

 

 

 

چیرۆکی ئه‌م خه‌مه‌ له‌ سه‌ر سه‌کۆی شانۆیه‌ک‌دا، ده‌ستی پێکرد... هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ی که‌ له‌ دایک بوو عاشقی هونه‌ر بوو. له‌ ناو شانۆیه‌ک‌دا، رۆڵی عاشقێکی ده‌گێڕا که‌ چاره‌نووسی به‌ر له‌ ژانه‌کانی دایکی قه‌ت نه‌بیسترابوو، قه‌ت نه‌دیترابوو. که‌ هات بڕیاری دا هێنده‌ی دایکی ژان دایگرێ و ئازاری جه‌رگی ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوی پیره‌مه‌گرون و شڵه‌ژانی دڵی گرده‌که‌ی سه‌یوان و مامه‌یاره‌ له‌ کۆڵ بنێ. کوڕه‌ کوردی تێکۆشه‌ر، پێی خۆش بوو به‌ر له‌وه‌ی بچێت و رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی لێ بگیرێت، له‌ شانۆیه‌ک‌دا رۆڵ بگێڕێت، بێ ئاگا له‌وه‌ی که‌ ئه‌م ژیانه‌ شانۆیه‌ک بوو و ئه‌ویش ئه‌کته‌رێک له‌ سه‌ر ئه‌م سه‌کۆیه‌ باشکۆیه‌. ئه‌و سه‌کۆیه‌ی قه‌ت نه‌یدیبوو و قه‌ت پێیدا نه‌گه‌ڕابوو. ده‌یویست رۆڵ بگێڕێت، رۆڵی عاشقێکی جه‌رگ‌سوتاو که‌ برینه‌که‌ی له‌ گه‌ڵ زامی وڵاته‌که‌یدا نه‌بێت، قه‌ت سارێژ نه‌ده‌بوو. به‌ڵام نه‌یارانی ئه‌م شانۆیه‌ زۆر بوون و رێگه‌یه‌کی درێژ و پڕ له‌ مه‌ترسی له‌ پێش بوو.

ئه‌و بڕیاری دابوو و گه‌ڕانه‌وه‌ مه‌حاڵ بوو، وه‌ک هاتنی وی بۆ ئه‌و دونیایه‌. چوو، به‌و رێگه‌یه‌دا که‌ له‌ وانه‌یه‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ ئاکامه‌که‌ی ده‌زانی. به‌ڵام هه‌ڵیبژارد؛ چونکه‌ شیری دایکێکی خواردبوو که‌ خه‌یانه‌ت پێکردنی مه‌حاڵ بوو وه‌ک وازهێنان له‌و بڕیاره‌ی که‌ دابووی.    

بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م رێگه‌یه‌ هه‌ڵبژێرێت، ره‌نجی دا، خه‌می خوارد، ئازاری کێشا، ژان دایگرت، به‌ڵام به‌سه‌ر که‌وت و یه‌که‌م شوێنێک که‌ پێی گه‌یشت، قه‌ره‌داغ بوو. ده‌بوو ئازاره‌کانی پیره‌مه‌گرون و سه‌یوان و مامه‌یاره‌، به‌ گوێی قه‌ره‌داغ بگه‌یه‌نێ، که‌ غه‌ریب نه‌بوون له‌ یه‌ک. ئه‌وانیش تووشی ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ هاتبوون که‌ ساڵان بوو، ئه‌م شاخانه‌ی داگرتبوو.

گۆران له‌ دیاری "پیره‌مه‌گرون"ه‌وه‌ هاتبوو و ده‌یویست خه‌مه‌کانی بۆ قه‌ره‌داغ باس بکات. شانۆ به‌رده‌وام بوو و قاره‌مانی شانۆیه‌که‌مان ماندوونه‌ناس. عاره‌قه‌ی کردبوو، به‌ڵام رانه‌ده‌وه‌ستا. که‌ هات یه‌که‌م جار پێیان گوت: "راوه‌ستان نیه‌. که‌سمان راوه‌ستان ناناسین."

گۆران بۆ خۆی قاره‌مان بوو، راوه‌ستانی نه‌ده‌ناسی. رانه‌وه‌ستا... قه‌ره‌داغی به‌جێ هێشت و به‌ره‌و قه‌ندیلی شۆڕشگێر به‌ڕێ که‌وت. له‌ باوه‌شی قه‌ندیلیشدا، هه‌ر ئه‌ستێره‌کان ده‌زانن، چه‌ند شه‌وی ره‌ش وه‌نه‌وزی دا و ئاگای له‌ ئاسمان ده‌بوو. خۆی پێی گوتم؛ بارانی له‌ قه‌ندیل له‌ باوه‌ش گرت و جارێکی تر سوێندی هه‌بوونی بۆ دووباره‌ کرده‌وه‌. قه‌ت له‌ بیرمان ناچێ، که‌ پێ ده‌که‌نی ده‌دانه‌ که‌له‌که‌ی دیار ده‌بوو که‌ سه‌رنجی هه‌ر که‌سی بۆ لای خۆی راده‌کێشا. ئه‌ویش ده‌یزانی هه‌ر که‌س خۆشی ده‌وێ و که‌س نایدرکێنێ...

شانۆ به‌رده‌وام بوو و ئه‌ویش هیوادار!

عاشقی شانۆ و ده‌سته‌ گوڵێک شلێره‌ و به‌یبوون و تۆزێ بارانه‌ بوو...

شانۆ به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چوو و قاره‌مان به‌ په‌له‌ی سه‌رکه‌وتن! ده‌نگی چه‌ند فیشه‌کێک هات و قاره‌مانیان شه‌هید خستین. له‌ دوای ئه‌م ده‌نگانه‌ سه‌کۆی شانۆ به‌ ئارامی ده‌گریا، بینه‌ران خۆیان بۆ نه‌گیراو هه‌ر که‌س هاته‌ به‌ر باران، باران بیره‌وه‌ری گۆرانی به‌ بیر ده‌هێنانه‌وه‌. بارانێک، ده‌ستێک گوڵی سوێسن و به‌یبوون، هه‌زاران ئینسانی دڵ له‌ کوڵ و تامه‌زرۆی بارانه‌، له‌گه‌ڵ هه‌نسکی پیره‌دایکێک هێنده‌ی کوڕه‌که‌ی قاره‌مان و رووسوور که‌ نه‌یهێشت که‌س فرمێسکه‌کانی ببینێت و خه‌مێکی قووڵ که‌ له‌ چه‌ند دێڕدا نووسرابوو؛

خه‌می چاره‌نووسی نووسینه‌کانم ده‌خۆم، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ زۆر لێیان دڵنیام، وه‌ک خۆم بێ هێزن، یه‌ک ره‌نگن، یه‌ک شێوه‌ن و یه‌ک جلیان له‌ به‌ر دایه‌، له‌ یه‌ک ئاواز ده‌ده‌ن و مه‌رگیش سه‌رچۆپی ئه‌م هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌ی گرتووه‌...

ئێمه‌ش هه‌ستاین به‌ سارێژی ئه‌م برینه‌. ویستمان له‌ ژێر خاکدا ئارام بێت و خه‌می نووسینه‌کانی نه‌خوات. شانۆیه‌که‌مان چاو لێکرد، عاشقی قاره‌مانی ئه‌م شانۆیه‌ بووین و له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می هه‌موو نووسینه‌کانی دا، به‌ قه‌ڵه‌مێکی خوێناوی نووسیمان؛ له‌ سه‌ر سه‌کۆی شانۆیه‌ک‌دا…

 

28/ی مارسی 2003

ناوه‌ندی چاپه‌مه‌نی و راگه‌یاندنی قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی ساریا باران

حه‌قیقه‌ت"شۆرشی نێو شۆرش"

گەیشتن بە حەقیقەت بە هەنگاوە پتەوەکان ناکرێت، ئەگەر لە میانەی شۆرشێکی ژنەوە پێینه‌گه‌ین، بەو پێیەی کە ژن دایکی هەموو چارەسەریەکانە، ئەوەندەی کە دایکی کێشە و پرسەکانە...

دكتۆر سیروان رەمزی نەتەوەیەك بوو

لە ساڵی 1996دا لە ناوچەی ئاغجەلەر بەر هێرشی چەكدارەكانی (پ.د.ك) دەكەوێت و لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانی شەهید دەكرێن ...

"نکۆڵى له‌ خۆم ناکه‌م"

لێکۆڵه‌ره‌که‌ بۆ خۆی دانی به‌وه‌دا نا من ته‌نها بارمته‌یه‌که‌م له‌ ده‌ستیاندا‌ و تا به‌ئامانجه‌کانیان نه‌گه‌ن من ده‌هێڵنه‌وه‌ ...

2017 © Partiya Karkerên Kurdistan (PKK)
[email protected]